Add parallel Print Page Options

بەشی بنیامین

11 ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا. سنووری تیروپشکەکەیان لەنێوان نەوەی یەهودا و نەوەی یوسفدا بوو.

12 سنوورەکەیان لەلای باکوورەوە لە ڕووباری ئوردونەوە دەستی پێکرد و لە بناری ئەریحا لەلای باکوورەوە تێدەپەڕی، پاشان بە ناوچە شاخاوییەکەدا بەرەو ڕۆژئاوا دەچوو، هەتا نزیک چۆڵەوانی بێت‌ئاڤن. 13 ئینجا سنوورەکە لەوێوە بەردەوام بوو بۆ باشووری بناری لوز کە بێت‌ئێلە و لەوێوە هاتە خوارەوە بۆ عەتەرۆت ئەدار لەسەر چیاکەی باشووری بێت‌حۆرۆنی خواروو.

14 ئینجا سنوورەکە درێژ بووەوە و سووڕایەوە بەلای ڕۆژئاوای باشوور، لەو کێوەی کە بەرامبەر بێت‌حۆرۆنە لە باشوور و گەیشتە قیریەت بەعل کە قیریەت یەعاریمە، شارۆچکەیەکی نەوەی یەهودا بوو. ئەمە لای ڕۆژئاوا بوو.

15 لای باشووریش لەوپەڕی قیریەت یەعاریمەوە دەستی پێکرد و سنوورەکە بەرەو ڕۆژئاوا چوو بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح. 16 سنوورەکە بۆ دامێنی کێوەکەی بەرامبەر بە دۆڵی بەن‌هینۆم کە لە دۆڵی ڕفایمە لەلای باکوور دابەزی، لەوێشەوە دابەزی بۆ دۆڵی هینۆم بەلای بناری یەبوسییەکاندا لەلای باشوورەوە، ئینجا دابەزی بۆ کانی ڕۆگێل. 17 ئینجا لە باکوورەوە ڕووەو کانی شەمەش درێژ بووەوە و بەردەوام بوو هەتا گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە و ئینجا دابەزی بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن. 18 بەردەوام بوو بۆ بنارەکەی بەرامبەر بە بێت‌عەراڤا بەلای باکووردا، ئینجا دابەزی بۆ دەشتایی عەراڤا. 19 سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ لای بناری باکووری بێت‌حۆگلە، لە کەنداوی باکووری دەریای مردوو[a] کۆتایی هات، لە کۆتایی ڕووباری ئوردون لە باشوور. ئەمەش سنووری باشوورە.

20 سنووری لای ڕۆژهەڵاتیش ڕووباری ئوردون بوو.

ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو لەگەڵ سنوورەکەی بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان.

21 شارەکانی هۆزی نەوەی بنیامینیش بەگوێرەی خێڵەکانیان ئەمانە بوون:

ئەریحا، بێت‌حۆگلە، عێمەق قەچیچ، 22 بێت‌عەراڤا، چەمارایم، بێت‌ئێل، 23 عەڤیم، پارا، عۆفرا، 24 کەفەر عەمۆنی، عۆفنی و گەڤەع، دوازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

25 گبعۆن، ڕامە، بئێرۆت، 26 میچپا، کەفیرا، مۆچە، 27 ڕاقەم، یەرپەئێل، تەرەلا، 28 چێلەع، هائەلەف، شاری یەبوسی کە ئۆرشەلیمە، گیڤعا و قیریەت، چواردە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.

ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.

Read full chapter

Footnotes

  1. 18‏:19 دەریای مردوو: عیبری: دەریای خوێ.‏